په‌نابه‌ران

زانیاری نوێ له‌ سه‌ر ئه‌و 55 كۆچبه‌ره‌ی كه‌ گه‌یشتنه‌ دورگه‌ی كاریستۆس، ئایه‌ دیپۆرت ده‌كرێنه‌وه‌؟

زانیاری نوێ لە سەر ئەو 55 کۆچبەرەی کە دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو گه‌یشتنه‌ دورگه‌ی كاریستۆسی یۆنان و له‌ یه‌كه‌م ساته‌وه‌ تیمی ڕۆژنامه‌وانی پشتی-نیوز ته‌واوی زانیاریه‌كانمان بۆ هه‌مووان خسته‌ ڕوو. ئایه‌ دیپۆرت ده‌كرێنه‌وه‌؟

 

شەوی ڕابردوو یه‌ختێك به‌ 55 كۆچبه‌ره‌وه‌ گه‌یشته‌ دورگه‌ی كاریستۆسی یۆنان. له‌وێ هه‌ردوو كاپتنه‌ توركه‌كه‌ به‌ كۆچبه‌ره‌كانیان ڕاگه‌یاند كه‌ زۆرینه‌یان كوردن، كه‌ گازیان پێ نه‌ماوه‌ تاكو به‌رده‌وام بن تا ئیتاڵیا، له‌وێ بمێنن تاكو گاز په‌یدا ده‌كه‌ن. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ردوو كاپتنی یەختەکە كه‌ تورك بوون، هەمووانی لە ناوچه‌یه‌كی شاخاوی دورگەی کاریستۆسی یۆنان بەجێهێشت.

تا کاتژمێر 08:00 بەیانی ئەمڕۆ کۆچبەرەکان هەموویان پێکەوە بوون. وه‌ك تیمی ڕۆژنامه‌وانی پشتی-نیوز زانیاری ته‌وامان له‌ سه‌ر ئه‌وان هه‌بوو، وێنه‌ و ڤیدیی تایبه‌تمان بۆ نێردرابوو. دواتر كۆچبه‌ره‌كان لە خەت نەمام چونکە بە پێ بەڕێ کەوتن بەرەو گوندێکی نزیك تاکو لە لایەن پۆلیس و هێزە ئەمنیەکان دەستگیر بکرێن. وەک تیمی ڕۆژنامەوانی پشتی-نیوز کە لە نزیکەوە ئاگامان لە ڕووداوەکە بوو، هەواڵەکەمان لە ماڵپەڕی پشتی-نیوز بڵاو کردەوە و دواتریش یەکێک لە گەورەترین ڕۆژنامەی ئەسیناش هەمان هەواڵی به‌ سسه‌رچاوه‌ی پشتی-نیوز بڵاو کردەوە (https://www.efsyn.gr/node/267044)

دواتر په‌یه‌وندیمان كرد به‌ UNHCR و ئه‌وانیشمان له‌ ڕووداوه‌كه‌ ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ هێنده‌ په‌نابه‌ر له‌ ناوچه‌یه‌كی شاخاوه‌ی ئه‌و دورگه‌یه‌ن. ئه‌وان به‌ سوپاسه‌وه‌، گوتیان كه‌ ئاگایان له‌ كۆچبه‌ره‌كان ده‌بێت و په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن به‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار.

له‌ كاتژمێر 08:30 تا 16:00 ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هیچ زانیاریه‌كی نوێمان لانه‌بوو. په‌یوه‌ندیمان كرد به‌ به‌شی ڕاگه‌یاندی هێزی ده‌ریاوانی یۆنان، چونكه‌ پۆلیس دوای ده‌ستگیر كردنی كۆچبه‌ره‌كان ده‌بێت یه‌كه‌م ده‌زگا هێزی ده‌ریاوانی یۆنان ئاگادار بكاته‌وه‌. له‌ په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌دا پێیان ڕاگه‌یاندین كه‌ هیچ زانایریه‌كیان لانیه‌. ئێمه‌یش پێمان ڕاگه‌یاندن كه‌ ئه‌وان له‌ وشكانیدا بوون ئه‌مڕۆ و وێنه‌ و ڤیدیۆش بڵاو بوونه‌ته‌وه‌. له‌ وه‌ڵامدا گوتیان، ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆی پۆلیس نه‌ك هێزی ده‌ریاوانی، ئه‌گه‌ر له‌ وشكانیدا ده‌ستگیر كرابێتن. په‌یوه‌ندی به‌ پۆلیسی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكه‌ن.

كاتژمێر 16:10 ئه‌مڕۆ، په‌یوه‌ندیمان كرد به‌ پۆلیسی دورگه‌ی كاریستۆس، یه‌كێك له‌ پۆلیسه‌كان پێی ڕاگه‌یاندین كه‌ ئاگای له‌ ڕووداوه‌كه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام نه‌خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وان به‌ڵكو هێزی ده‌ریاوانی یۆنان. هه‌روه‌ها گوتیشی 9 پۆلیسی هێزی ده‌ریاوانی گه‌یشتنه‌ شوێنی كۆچبه‌ره‌كان و هه‌مووانیان ده‌ستگیر كرد، بۆیه‌ پێویسته‌ قسه‌ له‌ گه‌ڵ هێزی ده‌ریاوانی یۆنان بكه‌ین.

كاتژمێر 16:30 په‌یوه‌ندیمان كرد دووباره‌ به‌ هێزی ده‌ریاوانی یۆنان، پێیان ڕاگه‌یاندین، كه‌ هیچ زانیاریه‌كیان له‌ سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ نیه‌.

كاتژمێر 17:00 ئه‌مڕۆ بۆ دواجار قسه‌مان له‌ گه‌ڵ UNHCR كرد سه‌باره‌ت به‌ دوایین زانیاریه‌كان له‌ سه‌ر ئه‌و كۆچبه‌رانه‌، ئه‌وان به‌ پشتی-نیوزیان ڕاگه‌یاند كه‌ بۆ جارێكی دیكه‌ قسه‌ له‌ گه‌ڵ به‌رپرسان و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌ن، كه‌ دڵنیان له سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ و پێویسته‌ وه‌ك حكومه‌تی یۆنان و وڵاتێكی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا ڕێز له‌ یاسای مافی مرۆڤ و مافی نێوده‌وڵوه‌تی بگیرێت كاتێك كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر ڕوو له‌ وڵاته‌كانیان ده‌كه‌ن.

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button