سەرۆک وەزیرانی عێراق جارێکی دیکە ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان بە نادەستوری وەسف دەکات و دەڵێت ڕێوشوێن لەوبارەیەوە دەگرنەبەر بەڵام “سزای هاونیشتمانە کوردەکانمان نادەین و دەستبەرداری پاراستنیان نابین”.

ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کرد و تێیدا لەبارەی ریفراندۆمەکەی هەرێمەوە قسەی کرد.

عەبادی دوپاتی کردەوە کە ریفراندۆمەکە دەستووری نییە و دادگای فیدراڵی بڕیاری دابوو کە ئەنجام نەدرێت، “بەڵام ئەنجامدرا و دەستور ناوبژیوانە لەنێوانماندا، ئەگەر لەسەر دەستور ناکۆکبووین، ئەوا دادگای فیدراڵی ئەوە یەکلادەکاتەوە، مافی ئێمە و هیچ لایەنێکی تر نییە بەئارەزووی خۆی دەستور تەفسیر بکات.”

هەروەها وتیشی “ریفراندۆمەکە بەبێ هیچ دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی و شتێکی نامۆیە کە ئەو بەرپرسانەی بڕیاری ریفراندۆمیان دا خۆیان ئەنجامیان داو هەر خۆشیان ئەنجامەکانیان راگەیاند بەبێ چاودێرییەکی توندی یاسایی. لەبەر ئەوە ریفراندۆمەکە و ئەنجامەکانی هیچ کاریگەرییەکیان نابێت.”

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە زیاتر قسەدەکات و دەڵێت “ئەگەر مەبەست لەریفراندۆمەکە ئەوەیە رای گشتی بجوڵێنن، ئەوا ئێمە ئامادەنین گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامەکانەوە بکەین لەبەر ئەوەی نادەستوورییە و نا شەرعییە و رێوشوێنەکانی دروست نەبووە نەبەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان نەبەپێی پێوەرە عێراقییەکان، نە بەپێی پێوەرەکانی هەرێم خۆشیان تەنانەت سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم ریفراندۆمەکەی بە ناشەرعی دانا و بەوپێیەش ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەکانیدا ناکەین.”

لەبارەی ئەو رێوشوێنانەی کە حکومەتی ناوەند لەبەرامبەر هەرێم دەیگرێتە بەر، سەرۆک وەزیرانی عێڕاق دەڵێت “کۆمەڵێک رێوشوێنمان گرتووەتە بەر و ئێستاش رێوشوێن دەگرینەبەر، ئامانجمان سزادانی هاونیشتیمانە کوردەکانمان نییە، چونکە ئەوان هاونیشتمانی خۆمان و دەستبەرداریان نابەین لەپاراستنیان و ئاسایش و خۆشگوزەرانی هاونیشتمانە کوردەکان و هەموو عێراقییەکان. پارێزگاریان لێدەکەین و بەرگرییان لێدەکەین، نامانەوێت هیچ زیانێکیان بەربکەوێت.”

حەیدەر عەبادی جەختی لەوەشکردەوە کە ئەوان رێوشوێن دژی ئەو “بەرپرسانە دەگرنەبەر کە ریفراندۆمەکەیان ئەنجام دا نەک هاونیشتمانە کوردەکان.”