له‌ ڕووداوێكی هاتووچۆدا له‌ باكوری یۆنان، په‌نابه‌رێك گیانی له‌ ده‌ستدا و 10 كه‌سی دیكه‌ بریندار بوون

 

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، كاتژمێر 05:00 ئۆتۆمبیلێكی جۆری جیپ كه‌ له‌ ئۆتۆباندا نزیك شاری كۆزانی، به‌ تابلۆی وڵاتێكی بیانی، له‌ شاری ساڵۆنیكه‌وه‌ به‌ره‌و شاری یانێنا به‌ڕێكه‌وتووبوو. له‌ ناوچه‌یه‌كی ئۆتۆبانه‌كه‌دا پۆلیس ویستی پشكنین له‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ بكات، به‌ڵام شۆفێره‌كه‌ سورعه‌تی زیاد كرد و ڕانه‌وه‌ستا.

دوای ئه‌وه‌ی پۆلیس به‌دوایان كه‌وت، شۆفێره‌كه‌ كۆنترۆڵی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی له‌ ده‌ستدا و تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون. له‌ ڕووداوه‌كه‌دا په‌نابه‌رێك گیانی له‌ ده‌ستدا و 10 كه‌سی دیكه‌یش بریندار بوون. یه‌كێكیان به‌ سه‌ختی.

به‌ پێی زانیاریه‌كان كه‌ ده‌ستی مه‌ڵپه‌ڕی پشتی-نیوز كه‌وتوون، شۆفێره‌كه‌ یۆنانی بووه‌ و په‌نابه‌ره‌كانیش هه‌موویان سوری بوون.

7 ئامبوڵانس و دوو ئۆتۆمبیلی ئاگر كوژێنه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ و په‌نابه‌ره‌كانیان ڕزگار كرد و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی كۆزانی و گرێڤێنا كرد.

پۆلیسی كۆزانی ڕایگه‌یاند، لێكۆڵینه‌وه‌ی ته‌واو له‌ سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ ده‌كرێت و تاوانباران ڕه‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێن.

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری  Pishti-News