دەزگای لوتکە ئاماری کۆچکردنی ئەم ساڵی ڕاگەیاندو ئاشکرای دەکات” ئەم ساڵ بەبەراود بەساڵی ڕابردوو کۆچکردن زیادیکردووە”.
ئەمڕۆ هەینی ١٨ـی کانونی یەکەمی٢٠٢٠ کەهاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی کۆچبەران دەزگای لوتکە بۆکاروباری پەنابەران لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری ئەم ساڵی کۆچکردنی ڕاگەیاند کە لەسەرەتای ئەم ساڵەوە ٣٤هەزار کورد داوای مافی پەنابەریان کردووە”.
دەزگای لوتکە ئاماری گیانیان لەدەست دان و کۆچکردنی پەنابەرانی بەم شێوەیە خستۆتەڕوو” لەم ساڵدا تەرمی١٦پەنابەری کوردو عێراقی هێنراوەتەوە کەلەڕێگای وڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەست داوە، ئەنجامدانی پشکنینی DNA بۆ ١٧کەس کراوە، گەڕاندنەوەی ٣ منداڵ کە لەدایک و باوکیان ونببوون لەکاتی کۆچکردن، ئاسانکردنی گواستنەوەی ٢٥کۆچبەری کورد لەکاتی کۆچکردنیان لەدەریای سپی ناوەڕاست یەختەکەیان لەکارکەوت، پاش ڕزگارکردنیان لەلایەن هێزی دەریاوانی میسڕی بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران دواتر تواندرا بگەڕێندرێنەوە بۆ نیشتیمان”.
لای خۆشیەوە ئاری جەلال لەکۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانیەکە ڕایگەیاند” ئەو ٣٤ هەزار کۆچبەرە کوردەی داوای مافی پەنابەریان کردووە تەمەنیان لەسەرووی ١٨ساڵەوەیە، لەم ڕێژەیەدا ٣٥ هاوڵاتی کورد لەڕووداوە جیاجیاکاندا گیانیان لەدەست داوە، تەرمی ١٨کەسیان بوونیان هەبووەو تواندراوە تەرمی شازدە کەسیان بگەڕێندریتەوەو هێنانەوەی تەرمی ٢ کەسیش هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە، ١٧کەسیش تا ئێستا بێ سەرووشوێنن و DNA لەکەس وکاریان وەرگیراوە بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان”.
ئاری جەلال ئاماژەی بەوەشکردووە” دەزگای لوتکە توانای دابینکردنی تێچووی هێنانەوەی تەرمی قوربانیانی نیە، ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێم هاوکاری و هەماهەنگی نەبووە بۆ دەزگاکەمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان وگەڕاندنەوەی تەرمی کۆچبەران، ئەوەی کراوە لەلایەن هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی بووە”.
لەساڵی ٢٠٠٠ەوە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی ١٨ـی کانونی یەکەمی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانی کۆچبەران دیاریکراوە، لەزۆرێک لەوڵاتان هاونیشتیمانیان بەمەبەستی جۆراوجۆر پەنا بۆ کۆچکردن دەبەن.