ڕێکخراوی “هانای ڕۆژهەڵات” لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵ بە ئامانجی کاری مرۆڤ دۆستانە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات لە تاراوگە لە دایکبوو و لە 24ی ئۆکتۆبەر/ تشرینی یەکەمی 2020 هەمان ساڵ وەکو ڕێکخراوێکی فەرمی نێودەوڵەتی لە وڵاتی نەرویج تۆمار کراوە.

لەگەڵ بڵآوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-19 بە شێوەیەکی خێرا بە جیهاندا، ئێران پشکی شێری بەرکەوت لە کۆڤید-19. هۆکاری خێرا بڵآوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە لە سەرتاسەری ئێران بە هۆی کەمتەرخەمی حکومەتی سەرکوتگەری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بوو. وە لە کوردستانی ڕۆژهەڵآت وەکو هەمیشە لە لایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە زیاتر پشتگوێخرا لە کاتی بڵآوبوونەوەی کۆڤید-19 لە ئێراندا.

ئەو پەراوێزخستنەش وایکرد زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات زیانی زۆرتریان بەربکەوێت لە بڵآوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-19. هەر لەو پەیوەندیەدا بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری لە تاراوگە و جیهان بۆ بەرکەوتووانی کۆڤید-19 لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. سەرەتای بەهاری ئەمساڵ پڕۆژەیەک بە ناوی (هانای ڕۆژهەڵآت) لەلایەن کۆمەڵێک چالاکوانی مەدەنی لە ئەوروپا ڕاگەیەندرا، دواتر پڕۆژەکە وەکو ڕێکخراوێکی فەرمی نێودەوڵەتی لە 24 ئۆکتۆبەر/ تشرینی یەکەمی 2020 لە وڵآتی نەرویج تۆمار کرا.

ڕێکخراوی هانای ڕۆژهەڵات لە هەنگاوی یەکەمیدا توانی لە کەمپەینێکدا ئەو کۆمەک و هاوکاریانەی کە کۆی کردبۆوە بیگەیەنێتە دەست ئەو هەیئەت و دەستانەی ناوەوەی ڕۆژهەڵآتی کوردستان کە ڕاسپێردرابوون بۆ بە جێگەیاندنی کۆمەک و هاوکاریەکان، وەکو کەرەستە پزیشکیەکان، پێداویستیەکانی دیکە بۆ زیان بەرکەوتوانی ڤایرۆسی کۆڤید-19 لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دابینکرا.

ئێستا (ڕێکخراوی هانای ڕۆژهەڵات) کەمپەینێکی دیکەی ڕاگەیاندووە بە ناوی “کەمپەینی من ئەمه‌وێت تۆ دەرس بخوێنیت” ئامانج لەم کەمپەینە بۆ ئەوەیە هاوکاری کۆبکرێتەوە بۆ منداڵانی خانەوادە کەمدەرامەتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات. کە بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڤید-19 و کەمتەرخەمیەکانی کاربەدەستانی ڕژێمی ئێران لەبەرامبەر کوردستانی ڕۆژهەڵات بەشێکی زۆری قوتابخانەکان داخراون و خوێندن لە ئێستا بووەتە (ئۆنلاین) وە خوێندنی ئۆنلاینیش پێویستی بە کەرستەکانی وەکو ئایپات، لاپتۆپ، مۆبایلی زیرەک، هەیە. بەشێکی منداڵانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەبەر خراپی باری دارایی خانەوادەکانیان ناتوانن ئەو کەرەستانە دابین بکەن. ئەوەش وایکردووە ئەو منداڵە کوردانە ناچاربن لە خوێندنی (ئۆنلاین) بێبەش بکرێن و لە خوێندن داببڕێن.

ئیبراهیم کۆنەپۆشی یەکێکە لە دەستەی دامەزرێنەرانی (ڕێکخراوی هانای ڕۆژهەڵآت) بە “پشتی نیوزی” ڕاگەیاند: ئامانجی ڕێکخراوەکەمان کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییە لە هەموو قۆناغە سەخت و دژوارەکان بۆ هەموو ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵآت بە بێ جیاوازی. ئێمە لە هەر کاتێکدا کە پەیاممان پێبگات لە کوردستانی ڕۆژهەڵآت و داوامان لێبکرێت کەمپەینی هاوکاری و پشتیوانیان بۆ ڕابگەیەنین بە هانایانەوە دەچین.کۆنەپۆشی ڕاشیگەیاند: لە داهاتوودا پێگەی فەرمی سایتی ئەنتەرنێتی “ڕێکخراوی هانای ڕۆژهەڵات” و ژمارە حیساب بانکی تایبەت بە ڕێکخراوەکە ڕادەگەیەنین.

لە پرسیاری “پشتی نیوز” چ گەرەنتیەک هەیە بۆ گەیشتنی ئەو هاوکاریانە بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟ ئیبراهیم کۆنەپۆشی وتی: لەبەر بێ باوەڕی کاربەدەستانی ڕژێمی ئێڕان و خەمی پاراستنی ژیانی ئەمنی ئەو کەسانەی کە لە ناوخۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات هاوکاریمان دەکەن بۆ سەرپەرەشتی کردنی ئەو ئەرکە مرۆڤ دۆستانەیە. ئێمە هەوڵمانداوە بە شێوەیەک هاوکاریەکان بگەیەنینە دەست لێقەوماوان و ئەو ناوچانەی کە پێویستیان بە هاوکاریکردن هەیە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کارەکانمان سەرکەوتووبێت. وە ئەم کارەش بە چەندین کاناڵی لێکۆڵینەوەدا تێدەپەرێت و دواتر هاوکاریەکان دەگاتە شوێنی مەبەست. چوونکە ئەگەر بێت و بە شێوەیەکی ژیرانە کار بۆ گەیاندنی هاوکاریەکان نەکەین. ئەوا بێ گومان کار بەدەستانی ڕژێمی ئێران تا ئەو جێگەیە دەسەڵآتیان هەبێت تەنانەت ڕێگە نادەن ئەو کۆمەک و هاوکاریە مرۆڤ دۆستانەیەش بگاتە دەست خەڵکی لێقەوماوی کوردستانی ڕۆژهەڵات. پەیچی فەرمی (ڕێکخراوی هانای ڕۆژهەڵات) لە فەیسبوک و ئینستاگرام.

 ئاكاونته‌ فه‌رمیه‌كانی ڕێكخراوی هانای ڕۆژهه‌ڵات له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایاتیه‌كاندا

https://www.facebook.com/Hanairojhelat

https://www.instagram.com/hanarojhelat.compagne/?igsh&fbclid=IwAR1BDzTHzyYTZuR93Be6PnLTUmLuuXiqfGhsC3yj2J6KL0ufpcl0S3qMS4o

 

ئامادەکردنی ڕاپۆرت بۆ پشتی نیوز

بەهمەن حەسەن