دوێنێ شه‌و، كاتژمێر هه‌شت به كاتی پاریس، كه‌سێك له سێ شوێنی جیاوازی شاری ستراسبۆرگ ته‌قه له خه‌ڵك ده‌كات. ئه‌و هێرشه ده‌بێته هۆی كوژرانی ٣ كه‌س و برینداربوونی ١٣ كه‌سی دی كه برینی ٨یان قورسه.
كاتژمێر ١ و نیوی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، كریستۆف كاستانێ، وه‌زیری ناوخۆی فه‌ڕه‌نسا باری له‌ناكاوی بۆ به‌رزترین ئاست به‌رزكرده‌وه كه ”باری له ناكاوی هێرشی چه‌كدارییه”.
هێرشبه‌ره‌كه له سێ شوێنی جیاواز ته‌قه‌ی له خه‌ڵكی سڤیل كردووه. دواتر له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی پاراستنی ئاسایش ڕووبه‌ڕوو بۆته‌وه و ته‌قه‌یان لێك كردووه. به‌وهۆیه‌وه سه‌ربازێك گوله‌یه‌ك به‌ر ده‌ستی كه‌وتووه و به سووكی بریندار بووه. پاشان هێرشبه‌ره‌كه سواری تاكسییه‌ك ده‌بێت و له‌ناوشار خۆی ون ده‌كات.
به‌گوێره‌ی گه‌واهی شۆفێری تاكسییه‌كه سه‌رنشینه‌كه كه هێرشبه‌ره‌كه بووه قۆڵی بریندار بووه و پێده‌چێ به گوله پێكرابێت.
ده‌رباره‌ی ناسنامه‌ی هێرشبه‌ره‌كه، به‌ڕێوه‌به‌رێتی پۆلیس رایگه‌یاندووه كه ئه‌و كه‌سه بۆ ئه‌وان ناسراوه و پێشتر چه‌ند جارێك له‌سه‌ر دزی ده‌ستگیر كراوه. پیاوێكی ته‌مه‌ن ٢٩ ساڵه و له‌دایكبووی شاری ستراسبورگی پایته‌ختی هه‌رێمی ئهلزاسه. دۆسیه‌ی Sی هه‌بووه لای پۆلیس. ئه‌و دۆسیه‌یه بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌كرێته‌وه كه گومانی توندڕه‌وییان لێ ده‌كرێت و له‌لایه‌ن پۆلیسی فه‌ڕه‌نساوه ده‌خرێنه ژێر چاودێرییه‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیاری هه‌ندێ میدیای فه‌ڕه‌نسی، هێرش به‌ره‌كه كه تا هه‌نووكه ده‌ستگیر نه‌كراوه گومانی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێ په‌یوه‌ندی به ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كانه‌وه هه‌بێت.
نزیكه‌ی ٦٠٠ پۆلیس و سه‌رباز ئێسته به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن به نیازی ده‌ستگیركردنی. داواكاری گشتیی فه‌ڕه‌نساش ڕایگه‌یاندووه كه دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان له ڕووداوه‌كه كردۆته‌وه.
هه‌ر به‌پێی زانیاریی میدیاكان، هێرشبه‌ره‌كه ده‌بوو به‌ره‌به‌یانی دوێنێ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستگیر كرابا، ئه‌وكاته‌ی پۆلیس چوونه‌ته سه‌ر ماڵه‌كه‌ی و پشكنیویانه ئه‌و له ماڵ نه‌بووه. له‌و پشكنینه‌دا چه‌كێك و چه‌ند نارنجۆكێكیان دۆزیته‌وه. دوای چه‌ند كاتژمێرێك له پشكنینی ماڵه‌كه‌ی هێرشبه‌ره‌كه هێرشه چه‌كدارییه‌كه‌ی له بازاڕی سه‌ریساڵی شاری ستراسبورگ ئه‌نجام دا.
شاری ستراسبورگ به یه‌كێك له شاره ستراتیژییه‌كانی ئه‌وروپا داده‌نرێت و باره‌گای سه‌ره‌كیی په‌رله‌مانی ئه‌وروپای لێیه و ده‌كه‌وێته باكووری رۆژهه‌ڵاتی فه‌ڕه‌نسا له نزیك سنووری ئه‌ڵمانیا. ژماره‌ی دانیشتووانی ناو شاره‌كه نزیكه‌ی ٢٨٠ هه‌زار كه‌سه و به شار و شارۆچكه‌كانی دوروبهرییهوه ده‌بێ به زیاتر له ٧٨٠ هه‌زار كه‌س.
پەیامنێری پشتی-نیوز لە فەرەنسا
Halgurd samad