په‌نابه‌ران

یەختەکەی یۆنان بەم شێوەیە ژێر ئاو کەوت

 

لە بەرەبەیانی ڕێکەوتی 10/8 یەختێک بە نزیکەی 80 کۆچبەرەوە نزیک دورگەی رۆدۆسی یۆنان ژێر ئاو کەوت و لە ڕووداوەکە تەنها 29 کۆچبەر ڕزگاریان بوو. 27 سەرنشینی عێراقی و ئەفغانی و ئێرانی لە گەل 2 هاوڵاتی تورک کە دواتر وەک کاپتنی یەختەکە دەستنیشنا کران و ڕووبەڕووی دادگا کران.

تا ئێستا هیچ تەرمێک نەدۆزراوەتەوە بەڵام نزیکەی 50 کۆچبەر بێسەروشوێنن. پرسیارەکە ئەوەیە ئایە ئەو کۆچبەرانە چیان لێهات و لە کوێن؟

لە یەکەم ڕۆژەوە وەک تیمی ڕۆژنامەوانی پشتی-نیوز بەدواداچوون دەکەین لە سەر ئەو ڕووداوە و زانیاری  کۆ دەکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین یەختەکە چۆن ژێڕ ئاو کەوت و ئەو کۆچبەرانەی کە نادیارن چیان بەسەر هات.

یەختەکە بەم شێوەیە ژێر ئاو کەوت

کۆچبەرەکەن لە ڕێکەوتی 9/8 کاتژمێڕ 21:00 یەختەکەیان لە مەترسیدا بوو، بەهۆی شەپۆل و ڕەشەباوە. لە کاتژمێڕ 21:35 هێزی دەریاوانی تورکیا زانی کە یەختێک لە ئاوی نێودەوڵەتی نێوان تورکیا و یۆنان نزیک دورگەی رۆدۆس لە مەترسیدایە بەڵام ئەوان هیچ ئۆپەراسیۆنێکی ڕزگار کردنیان ئەنجام نەدا، چونکە یەختەکە لە ئاوی یۆناندا نزیکتر بوو، دەبووایە یۆنان ئۆپەراسیۆنی ڕزگار کرد ئەنجام بدات.

لە بەرامبەردا هێزی دەریاوانی یۆنان دەڵێت کە لە کاتژمێڕ 1:30 بەرەبەیانی (واتە 10/8) لە ڕووداوەکە ئاگادار کرانەوە و بە پەلە هەوڵى ڕزگار کردنیان درا.

لەو کاتەدا، باخیرەیەکی نەوهەڵگر لە کۆچبەرەکاندا دیار بوو، لێیان دوور بوون. کۆچبەرەکان ویستیان ڕوو لەو باخیرەیە بکەن تاکو ڕزگاریان بێت.

ئەو کات زۆربەی کۆچبەرەکان لە نێو کابینەی یەختەکەدا بوون، 27 سەرنشینیان لە گەل 2 کاپتنی تورک لە سەر یەختەکەدا بوون. ویستیان پێچ بکەنەوە بە یەختەکە و ڕوو لە باخیرە گەورەکە بکەن کە نەوتهەڵگر بوو. بەهۆی ڕەشەبا و شەپۆلەوە لە ناکاودا یەختەکە بە تەواوی وەرگەڕا و هەموو کۆچبەرەکان کەوتنە ناو ئاوەکەوە. ئەوانەی کە ڕزگاریان بوو، ئەوانەن کە لە سەر یەختەکەدا بوون واتە هەر 29 کۆچبەرەکە. ئەوانەی دیکە کە لە ناو کابینەی یەختەکەدا بوون، کەسیان ڕزگاریان نەبوو، نەیان توانی بێنە دەرەوەی یەختەکە و لە ناو کابینەکەدا گیریان خوارد و کەسیان نەهاتە دەرەوە.

بە پێی وتەی ژمارەیەک لە کۆچبەرە ڕزگار بووەکان، هەموو ئەوانەی لە ناو کابینەکەدا بوون، لە گەڵ یەختەکەدا چوونە بن ئاوی دەریاکە و کەسیان ڕزگاری نەبوو.

کاتژمێر 2:30 بەرەبیانی، واتە دوای یەک کاتژمێر کە هێزی دەریاوانی یۆنان لە ڕووداوەکە ئاگادار کرا، باخیرە نەوتهەڵگرەکە کە نزیکی کۆچبەرەکان بوو، گەیشتە شوێنی ڕووداوی کۆچبەرەکان و 27 کۆچبەری ڕزگار کرد و هەلیکۆپتەرێکی ”Super Puma” سەر بە هێزی دەریاوانی یۆنان، دوو کۆچبەری دیکەی ڕزگار کرد کە هێلەکی سەلامەتیان پێبووو.

لە ئێستادا هەر 27 کۆچبەرەکە لە دورگەی کۆس (Kos) دان و دوو کۆچبەرەکەی دیکەیش کە بە ڕەچەڵەک تورکن، لە دورگەی کارپاتۆس (Karpathos) وەک کاپتنی یەختەکە دەستگیر کراون و ڕووبەڕووی دادگا کراون.

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

بەڕێوبەری Pishti-News

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button